شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کۆبووەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027 و داخوازییەکانی خەڵک.
موسەنا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی کۆبوونەوەکەوە ڕایگەیاند کە لەگەڵ شاندی هەرێم گفتوگۆیان لەسەر داخوازییەکانی خەڵک و کارکردن بۆ جێکردنەوەیان لە یاسای بودجەی عێراقدا کردووە.
هاوکات لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ خستەڕووی داواکاریی توێژە جیاوازەکان، هیوا صمد، نوێنەری مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست ئاماژەی بەوە دا کە داواکاریی فەرمییان ئاڕاستەی فراکسیۆنی یەکگرتوو کردووە بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ شاندی حکومەت باسی هەمیشەییکردنی ستافی گرێبەست بکرێت.
شاندی دانوستانکاری هەرێم پێشتر لە پیرمام لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە و بڕیار وایە لە ڕۆژانی داهاتوودا سەردانی لایەنە سیاسییەکانی تریش بکات بە مەبەستی دروستکردنی گوتارێکی هاوبەش لە بەغدا.