ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە سەرەڕای ئاستەنگە ئابوورییەکان، کەرتی ئاو لە پێشینەی کارەکانی حکومەتدایە و پڕۆژەی ئاوی بالیندا-بارزان پێداویستیی ٥٣ گوندی ناوچەکە بۆ هەمیشە دابین دەکات.
لە مەراسیمی کردنەوەی پڕۆژەی ئاوی بالیندا-بارزان کە ئەمڕۆ (١٩ی تەممووزی ٢٠٢٦) بە فەرمی خرایە خزمەتەوە، ساسان عەونی پێداچوونەوەی بە وەبەرهێنانە ستراتیژییەکانی حکومەت لە ژێرخانی ئاودا کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ئامانج لەم هەنگاوە بەرزکردنەوەی کوالیتی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانە بۆ دانیشتووانی ناوچەکە.
وەزیری شارەوانی جەختی لە دیدگای ڕوونی حکومەت کردەوە بۆ سوودوەرگرتنی کارا لە سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی و دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی خاوێن بۆ سەرجەم هاوڵاتیان.
ساسان عەونی ئاماژەی بە مێژووی پڕۆژەکە کرد و گوتی: "دەبوو ئەم پڕۆژەیە ١١ ساڵ لەمەوبەر تەواو بکرایە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و ئاستەنگی جۆراوجۆرەوە کارەکانی بۆ ماوەیەکی درێژ ڕاگیرابوون."
بەڵام ڕوونیکردەوە کە بەپێی ڕێنماییەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای ناوخۆیی (GEG) واژۆکرا و توانرا کارە ماوەکان لە ماوەیەکی پێوانەیی کورتدا کە تەنیا ١ ساڵ و ٢ مانگ بوو، بە هەوڵی چڕوپڕ تەواو بکرێن و پڕۆژەکە بخرێتە خزمەت خەڵکی ناوچەکەوە.