دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە لە شاری حەسەکە و شارۆچکەکانی دەوروبەری بەهۆی شکانی بۆرییەکی سەرەکی لە هێڵی گوێستنەوەی وێستگەی ئاوی عەلۆک بە تەواوەتی ڕاگیرا.
تیمە تەکنیکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی وێستگەی ئاوی عەزیزییە ڕاستەوخۆ دەستیان بە کارەکانی چاککردنەوە کردووە تاوەکو لە ماوەیەکی نزیکدا گرفتەکە چارەسەر بکەن و دابەشکردنی ئاو بۆ هاووڵاتییان بگەڕێننەوە ئاستی ئاسایی خۆی.
عەدنان خالید، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی وێستگەی ئاوی عەزیزییە جەختی کردەوە، سەرجەم تیمەکانیان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ بەپەلە چاککردنەوەی بۆرییە کۆنکرێتییە شکاوەکە.
وێستگەی ئاوی عەلۆک کە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە بۆ سەرجەم پارێزگای حەسەکە، دوای حەوت ساڵ لە ڕاوەستان و بڕان، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی نێوان هێزەکانی سوریا دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی سوریا جارێکی دیکە خراوەتەوە کار.