لە شنگال کۆنفرانسێکی بەرفراوان بە بەشداریی نوێنەرانی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکەی وەک شەبەک، مەسیحی، سوننە، شیعە، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نوێنەرانی هێزەکانی پاراستنی شنگال بەڕێوە چوو.
ئامانجی سەرەکیی کۆنفرانسەکە داڕشتنی نەخشەرێگەیەک بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئەمنی، ئابووری و یاساییەکانی ناوچەکە لە ڕێگەی بەدەستهێنانی پێگەیەکی یاسایی و دەستووری.
ئامادەکاران و بەشداربووانی کۆنفرانسەکە جەختیان لەوە کردەوە، پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەریی شنگال مۆدێلێکی چارەسەری دەستووری و مەدەنییە و داوایان کرد بە گوێرەی مادەکانی 14، 15، 122 و 125 لە دەستووری عێراق، ئیدارەیەکی خۆسەری خۆجێیی بۆ شنگال دابمەزرێت.
لە کۆنفرانسەکەدا، سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچەکە هاودەنگی و پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دەربڕی.