دەزگای دادوەریی ئێران لە 22ی تەممووزی 2026دا سزای لەسێدارەدانی بەسەر مەهدی خانەکی، خوێندکاری تەمەن 26 ساڵی بەشی یاسا و ئەندامی سازمانی موجاهدینی خەلق جێبەجێ کرد.
پێش جێبەجێکردنی سزاکەی لە زیندانی قزڵحەسار، خانەکی بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی زستانی ڕابردوو، ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان و بڵاوکردنەوەی چەک دەستگیر کرابوو، پەیامێکی ڤیدیۆیی تۆمار کردووە و تێیدا جەختی لەسەر ڕۆڵی سەرەکیی ژنان و گەلی کورد لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتدا کردووەتەوە.
لە پەیامە ڤیدیۆییەکەدا مهدی خانەکی ڕایگەیاندووە، دەسەڵاتی ئێران لە ئەنجامی تێکۆشانی ئازادیخوازانەی ژناندا دەڕووخێت، ئاماژەی بەوەش کردووە کە ڕژێم لە ترسی ڕۆڵی یەکلایکەرەوەی ژنان دەست دەداتە سەرکوتکاری و کوشتن.
هاوکات باسی لەوەش کردووە، لە سەردەمی خومەینییەوە گەلی کورد بە بەردەوامی ڕووبەڕووی زوڵم و ستەم بووەتەوە. لە کۆتایی پەیامە ڤیدیۆییەکەشیدا سوێندی خواردووە تا ڕووخاندنی بەندینخانەکان و بەدیهێنانی ئازادی لە تێکۆشان بەردەوام بێت.