وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەرجەم فەرمانگە و تیمەکانی هەولێر و دەوروبەری ڕاسپارد بۆ ئەوەی ئامادەکاریی پێشوەختە بۆ وەرزی بارانبارین بکەن و ڕێگری لە ڕوودانی لافاو بگرن.
لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا کە بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەڕێوە چوو، جەخت لەسەر خاوێنکردنەوەی بەپەلەی کەندە سروشتییەکان، ئاوەڕۆکان و لابردنی ئاستەنگ لە شوێنە مەترسیدارەکان کرایەوە.
وەزیری شارەوانی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و تیمەکانی ڕاسپارد کە چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی بارانبارین و لە کاتی شەپۆلەکاندا، بە تەواوەتی لە ئامادەباشیدا بن و وەک یەک تیم چاودێریی ڕاستەوخۆی ڕەوشەکە بکەن، ئەوەش بە ئامانجی پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان و ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی ئاوی زیادە.