حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی دەستپێکردنی دابینکردنی غازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە کۆمپانیاکانی کرێسنت پترۆلیۆم و دانا گاز بە بڕیاری تاکلایەنە و بەبێ ڕەزامەندیی حکوومەتی هەرێم ئەم هەنگاوەیان ناوه و ئەوەش بە پێشێلکردنی گرێبەستەکە هەژمار دەکرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا لە کاتی ڕاگەیاندنی فەرمی کۆمپانیاکاندا لەو بابەتە ئاگادار کراوەتەوە، و جەخت کراوەتەوە که هەرچەندە هەرێم هەمیشە پابەند بووە بە بەهێزکردنی ئاسایشی وزە و دژی دابینکردنی غاز نەبووە بۆ بەشەکانی تری عێراق، بەڵام ئەمە دەبێت لە چوارچێوەی گرێبەستە کارپێکراوەکان و بە ڕەزامەندیی فەرمیی حکوومەتی هەرێم بێت وەکو لایەنی گرێبەستکار.
حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەش داوە که کرداری کۆمپانیاکان بووە مایەی نیگەرانی، چونکە لە کاتێکدا هەرێم خۆی پێویستی بە زیادکردنی گازی سروشتی بۆ دابینکردنی کارەبا هەیە، کۆمپانیاکان بە بڕیاری تاکلایەنە هەڵساون و تەنانەت ڕاگەیەندراوی فەرمیی ئەو کۆمپانیایانەش کە سوپاسی حکوومەتی هەرێم دەکەن بۆ پاڵپشتیکردن لەو ڕێکارە، بە لێدوانێکی "ناڕاست و چەواشەکارانە" وەسف کردووە و ڕەتی کردووەتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستووە ڕوو کە ئێستا سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی لێکەوتە یاسایی و گرێبەستییەکانی ئەم کردارەی کۆمپانیاکانە و سەرجەم ڕێوشوێنە گونجاوەکان دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی مافەکانی
هاوکات بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای رێککەوتنە گونجاوەکان و لە بەرژەوەندیی خەڵکدا.