سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بۆ تاوتوێکردنی کێشەی کەمیی بەنزین و سووتەمەنی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران بەپەلە ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخ و کوالێتی بەنزین.
بۆ ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخەکان و پاراستنی بەرژەوەندیی هاووڵاتییان، لە کۆبوونەوەکەدا چوار بڕیاری سەرەکی پەسەندکران:
وردەکاری بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
جێگیرکردنی نرخی بەنزینی نۆرمال: نرخی بەنزینی نۆرمالی پاڵپشتیکراو لەلایەن حکومەتەوە وەک خۆی دەمێنێتەوە و گۆڕانکاری بەسەردا نایەت. ئەم بەنزینە تەنها بەسەر ئەو بەنزینخانانەدا دابەش دەکرێت کە پابەندی ڕێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانن بۆ کۆنترۆڵکردنی جۆر و نرخ.
پێداچوونەوە بە نرخی سوپەر و محەسەن: ئاسانکاریی تەواو دەکرێت بۆ هێنانی ئەو ماددە کیمیاییانەی بۆ دروستکردنی بەنزینی سوپەر و محەسەن بەکاردێن. هاوکات پێداچوونەوە بە نرخەکانیاندا دەکرێت تاوەکو لەگەڵ بازاڕدا بگونجێت و ڕێگری لە قازانجی ناڕەوا بکرێت.
داواکاری لە بەغدا بۆ زیادکردنی پشکی نەوت: داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکرێت ڕێژەی نەوتی خاوی تەرخانکراو بۆ هەرێمی کوردستان لە ٥٠ هەزار بەرمیلەوە لە ڕۆژێکدا بەرزبکرێتەوە بۆ ١٢٦.٧ هەزار بەرمیل؛ ئەمەش بەپێی پشکی ٪١٢.٦٧ی دانیشتووانی هەرێم لە تەواوی عێراقدا.
ڕێگری لە قۆرغکاری: جەختکرایەوە لەسەر توندکردنەوەی چاودێری و بنبڕکردنی هەر جۆرە قۆرخکارییەک لە کەرتی سووتەمەنی و بەنزیندا.