وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و زانکۆی سۆران، کامپینێکی بەرفراوانی یەک ساڵەیان بۆ ڕێگری، بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشیی شێرپەنجە ڕاگەیاند.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە زانکۆی سۆران، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە، گۆڕینی ستراتیژیی کارکردنە لە تەرکیزکردن لەسەر چارەسەرکردن دوای تووشبوون، بەرەو خۆپارێزی و پشکنینی پێشوەختە.
د. سامان بەرزنجی جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە دەبێتە مۆدێل و نەخشەڕێگەیەک بۆ تەواوی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و گوتی: "پڕۆژەکە بە دیدگایەکی جیاوازەوە سەیری ڕووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجە دەکات؛
تاوەکو زووتر نەخۆشییەکە دەستنیشان بکرێت، ئامانج و ئەنجامەکانی چارەسەر سەرکەوتووتر دەبن و ژیانی هاووڵاتییان دەپارێزرێت."
هەماهەنگی لە نێوان حکومەت، ئەکادیمیا و ڕێکخراوەکاندا
ئەم هەڵمەتە یەک ساڵەیە تەنها چالاکییەکی کاتیی ڕاگەیاندن نییە، بەڵکو وەبەرهێنانێکی درێژخایەنە لە کەرتی تەندروستیی گشتیدا، کە تێیدا:
توانا ئەکادیمییەکان: مامۆستا و توێژەرانی زانکۆی سۆران بەشدار دەبن لە پێشکەشکردنی زانیاریی زانستی و توێژینەوە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی: هاوکار دەبێت لە گەیاندنی پەیام و خزمهتگوزارییهکان بۆ ناوچە جیاوازەکان و چین و توێژەکان.
تۆڕی تەندروستی: پزیشک و کادیرانی وەزارەتی تەندروستی ئەرکی پشکنینی بەردەوام و پێشکەشکردنی ڕێنمایی لێپرسراوانە دەگرنە ئەستۆ.
وەزیری تەندروستی باسی لەوەش کرد کە شێرپەنجە ئاڵەنگارییەکی جیهانییە و تەنانەت پێشکەوتووترین سیستەمەکانی تەندروستیش لە جیهاندا بەردەوام لە هەوڵی بنبڕکردنیدان، بۆیە بەهێزکردنی ئاستی هۆشیاریی گشتی باشترین ئامرازە بۆ پاراستنی کۆمەڵگە.