لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا، ٧٤١ ژن لە بەڕازیل لەلایەن پیاوانەوە کوژراون.
سەرەڕای کەمبوونەوەی کەمی ئامارەکان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بەڵام ڕۆژانە تێکڕا چوار ژن لەو وڵاتە دەبنە قوربانیی توندوتیژیی ڕەگەزی.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی "چاودێریی نیشتمانیی توندوتیژی دژی ژنان" کە لەلایەن وەزارەتی داد و وەزارەتی ژنانی بەڕازیلەوە ئامادەکراوە، لە ماوەی نێوان ١ی کانوونی دووەم تا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦دا، ژمارەی قوربانییانی ژن گەیشتووەتە ٧٤١ کەس.
ئەمەش کەمبوونەوەیەکی ڕێژەیی ٪٢.٥ نیشان دەدات بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٥ کە تێیدا ٧٦٠ ژن کوژرابوون.
نەخشەی بەرزبوونەوە و کەمبوونەوەی تاوانەکان لە ناوچە جیاوازەکان
ئامارەکان جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان ناوچەکانی بەڕازیل نیشان دەدەن؛ لە کاتێکدا لە بەشێک لە ناوچەکان ئامارەکان ڕوویان لە کەمبوونەوە کردووە، لە هەندێک هەرێمی دیکەدا بەشێوەیەکی مەترسیدار زیادیان کردووە:
ناوچەکانی کەمبوونەوە:
باکوور: ٪٢٠ کەمبوونەوە
باکووری ڕۆژهەڵات: ٪١٩.٩ کەمبوونەوە
ناوچەکانی بەرزبوونەوە:
ناوەڕاست-ڕۆژئاوا: ٪١٩ زیادبوون
باشوور: ٪١٩.٢ زیادبوون
باشووری ڕۆژهەڵات: ٪٢.٦ زیادبوون
لە سەر ئاستی هەرێمەکان، بەرزترین ڕێژەی زیادبوونی کوشتنی ژنان لە هەرێمی گۆیاس بە ڕێژەی ٪١١٣.٦ تۆمارکراوە. هاوکات لە سێرجیپێ ٪٧١.٤ و لە ئەمەزۆناس ٪٦٦.٧ بەرزبوونەوە هەبووە. هەروەها لە هەرێمەکانی ساوباولۆ، سانتا کاتارینا، پارانا، ئاماپا، ریو گراندە دو سول و ریو گراندە دو نۆرتەش ئامارەکان ڕوویان لە هەڵکشان کردووە.
ناسنامەی قوربانییان و ئەنجامدەرانی تاوانەکە
لە ساڵی ٢٠٢٥دا کۆی گشتی ١,٥٧١ ژن لە بەڕازیل کوژرابوون و ٤,١٨٩ ژنی دیکەش ڕووبەڕووی هەوڵی کوشتن بووبوونەوە.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە:
زۆربەی قوربانییەکان پێکهاتوون لە ژنانی گەنج و ڕەشپێست.
نزیکەی ٪٨٠ی ئەنجامدەرانی تاوانەکە هاوسەر یان هاوسەرەکانی پێشووی ژنە قوربانییەکان بوون.