هێزە ئەمنییەکانی ئێران ژنە وەرزشوانێکی خەڵکی شاری سەقزیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە، لە کاتێکدا ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ ئاماری دەستبەسەرکردنی ژنانی لە مانگی ڕابردوودا بڵاو کردووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕۆژان ئیبراهیمی، تەمەن ٢٠ ساڵ و وەرزشوانی بواری هونەری جەنگیی تێکەڵاو (MMA)، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون، و شوێنی ڕاگرتنی ئەم وەرزشوانە بڵاو نەکراوەتەوە.
ئەم دەستبەسەرکردنە لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی هەنگاو، لە مانگی ڕابردوودا لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لانیکەم ١٧ ژن دەستبەسەر کراون، کە لەو ژمارەیە حەوت کەسیان ژنی کورد بوون.