لە سێیەمین ڤێستیڤاڵی گەشتوگوزاری ڕاپەڕیندا، بەرهەمی دەستی دوو جوتیاری هەڵەبجە و ڕانیە و نزیکەی 20 بەرهەمی ترش و شیرین نمایش کران.
کەیوان فەریق، خاوەنکار، لە لێدوانێکدا باس لە بەرهەمەکانیان دەکات کە لە ڤێستیڤاڵەکەدا خستوویانەتەڕوو. لە لایەکی ترەوە، دیاری شکروڵڵا، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ڕاپەڕین، ئاماژەی بەوە دا کە 150 خاوەنکار بە بەرهەمی جۆراوجۆرەوە، وەک خواردن، خواردنەوە، سەوزە، میوە و بەرهەمی کارگە ناوخۆییەکان، لە ڤێستیڤاڵەکەدا بەشدارن.
ئەم ڤێستیڤاڵە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، لە سەعات 10ـی بەیانی تاوەکو 12ـی شەو بەردەوام دەبێت و گەشتیاران دەتوانن سەردانی بکەن و بەرهەمی ناوخۆیی بکڕن. لەم بارەیەوە، کەوسەر کەمال، کە دەرچوی زانکۆیە و بەرهەمی ناوخۆیی دەفرۆشێت، ڕایگەیاند کە ساڵانە لە هەرێمی کوردستان بۆ ناساندنی بەرووبوومی ناوخۆیی و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ ساغکردنەوەیان، ڤێستیڤاڵی هاوشێوە لە شار و شارۆچکە جیاوازەکان دەکرێنەوە.