بەرێوەبەرایەتیی سایلۆی سلێمانی ڕایگەیاند، سبەی سێشەممە، دابەشکردنی چەکی شایستە داراییەکانی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2025 دەست پێ دەکات، و پرۆسەکەش لەسەر بنەمای خشتەی ژمارەی بلیتەکان بەڕێوە دەچێت.
بەپێی ئاگاداریی سایلۆی سلێمانی، لە قۆناغی یەکەمی دەستپێکردنی پرۆسەکەدا، سبەینێ سێشەممە ئەو جووتیارانەی ژمارەی (بیطاقە)کانیان لە 1531 بۆ 1850یە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی چەکی پارەکانیان.
سایلۆ مەرجەکانی وەرگرتنی پارەکەی خستووەتەڕوو و جەخت دەکاتەوە کە دەبێت خودی جووتیار (کە گەنمەکەی بە ناویەتی) ئامادە بێت، یان نوێنەرەکەی وەکالەتی فەرمیی پێ بێت؛ هەروەها هەر وەکالەتێک ساڵێک بەسەر دەرچوونیدا تێپەڕی بێت، دەبێت بۆ ساڵی 2026 لەلایەن فەرمانگەی دادنووسەوە دووبارە پەسەند کرابێتەوە.
پێشتر نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم ڕایگەیاندبوو کە کۆی گشتیی شایستە داراییەکانی جووتیاران 76 ملیار و 294 ملیۆن دینارە، و پشکی پارێزگاکان بەم شێوەیەیە: سلێمانی زیاتر لە 29 ملیار دینار، هەولێر 24 ملیار دینار، و دهۆکیش 22 ملیار دینار. لە کاتێکدا پرۆسەکە لە هەولێر و دهۆک لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە دەستی پێکردووە، لە سلێمانیش بەهۆی تەواوبوونی ڕێکارە ئیداری و تەکنیکییەکانەوە لە ڕۆژی سێشەممەوە دەست پێ دەکات.