هاوڵاتیانی دێریک له ڕۆژاڤای كوردستان، بۆ ئازادیی جەستەیی عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێپێوانێکی بەرفراوانیان ئەنجامدا و جەختیان کردەوە، بە ئازادیی ئۆجالان، یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتیکی کورد مسۆگەر دەبێت.
بەشداربووان لە مەیدانی ئازادیی دێرکەوە بەرەو مەیدانی کۆرنیش ڕێپێوانەکەیان درێژە پێدا و کۆبوونەوە.
لە رێپێوانەکەدا بە بەرزکردنەوەی وێنەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان و گوتنەوەی چەندین دروشمی وەک "بێ سەرۆک ژیان نابێت" و "بە ئازادیی فیزیکیی ڕێبەر ئاپۆ یەکێتیی دیموکراتیک مسۆگەر دەکەین" داواکاریی خۆیان بۆ ئازادیی ئۆجالان ڕاگەیاند.
لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکەدا، محەمەد عەبدولڕەحیم بەناوی "دەسپێشخەریی سوریا بۆ ئازادیی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان" گوتارێکی پێشکەش کرد.
له گوتارهكهیدا باسی لەوەکرد، گۆشەگیریی سەر ئۆجالان لە ڕاستیدا گۆشەگیرییە لەسەر مرۆڤایەتی و گوتی، دەیانەوێت لە ڕێگەی گۆشەگیرییەوە ئیرادەی گەلی کورد بشکێنن، بەڵام بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ و تێکۆشانی ئەو بۆ ئاشتی، هەموو پیلانەکان بۆ لەناوبردنی گەلی کوردی پوچەڵکردەوە.

