سەنتەری زانیاریی ڕۆژاڤا (RIC) لە راپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کرد کە لە مانگی ئایاری 2026دا، چالاکیی شانە نووستووەکانی داعش لە ناوچەکانی پێشووی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بە رێژەی 67٪ کەمی کردووە.
هاوکات، دوایین گرووپی ئوسترالییەکان کەمپی رۆژیان لە نزیک دێریک بەجێهێشت.
دابەزینی بەرچاوی هێرشەکان
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە مانگی ئایاردا تەنیا سێ هێرشی شانە نووستووەکان لە ناوچەکانی ڕۆژاڤای کوردستان تۆمارکراون، ئەمەش بەراورد بە نۆ هێرشەکەی مانگی نیسان، دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا چوار ئەندامی حکومەتی کاتی سوریا کوژراون و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
وردەکاریی هێرشەکان بەمشێوەیە بوون:
11ی ئایار: لە دەوروبەری حەسەکە، شانەکانی داعش کەوتنە کەمینەوە بۆ پاسێکی سەربازیی فیرقەی 64ی وەزارەتی بەرگریی سوریا، کە بەهۆیەوە سێ سەرباز کوژران و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.
15ی ئایار لە شاری رەققە، هێرش کرایە سەر پاترۆڵێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە حکومەتی کاتی، کە برینداربوونی دوو ئەندامی لێکەوتەوە.
17ی ئایار لە شارۆچکەی زەباری لە دێرزوور، هێرشێک کرایە سەر ئەفسەرێکی وەزارەتی بەرگریی سووریا و کوژرا.
هێرش لە دەرەوەی ناوچەکانی رۆژئاوا
لە دەرەوەی ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریاش، داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە تیرۆرکردنی شێخ فەرحان ئەلمەنسوور، ئەندامی دەستەی زانایانی شیعە لە سووریا راگەیاند.
ناوبراو لە 8ی ئایار لە ناوچەی سەیدە زەینەب لە دەوروبەری دیمەشق بە ئامانج گیرا.
هەروەها لە شارۆچکەی شەدادی، درووشمی لایەنگری داعش لەسەر یەکێک لە تابلۆکانی چوونەژوورەوەی شارۆچکەکە نووسراوە، لەوانە "دەوڵەتی ئیسلامی دەمێنێتەوە" و "بەخێر بێن بۆ دەوڵەتی ئەلشەدادی".
کۆتاییهاتنی بوونی ئوسترالییەکان لە کەمپی رۆژ
لەلایەکی دیکەوە، هەموو ژن و منداڵە ئوسترالییەکان کەمپی رۆژیان لە نزیک شاری دێریک بەجێهێشت. لە دوو قۆناغی جیادا لە 2 و 26ی ئایار، 34 کەس کە گومانی ئەندامێتییان لە داعش لێ دەکرا، کەمپەکەیان بەجێهێشت.
تۆنی بێرک، وەزیری ناوخۆی ئوسترالیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پشتڕاستی کردەوە کە حکومەت هیچ هاوکارییەکی ئەو کەسانە ناکات و جەختی کردەوە، هەرکەسێک تێوەگلانی لە تاوانەکان بسەلمێنرێت، رووبەڕووی سزای یاسایی توند دەبێتەوە.