سیدار ئاڵتاش، برای یەکێک لە تۆمەتبارە سەرەکییەکانی دۆسیەی گوڵستان دۆکو، دانپێدانانێکی ڤیدیۆیی ڕەوانەی داواکاری گشتی کردووە و تێیدا وردەکاریی کوشتنی گوڵستان دۆکو ئاشکرا دەکات.
بە گوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، تۆمارێکی ڤیدیۆیی سیدار ئاڵتاش، برای ئوموت ئاڵتاش، کە یەکێکە لە تۆمەتبارانی دۆسیەی بێسەروشوێنبوونی گوڵستان دۆکو، گەیشتووەتە دەست لایەنە پەیوەندیدارەکان.
لەم تۆمارەدا سیدار ئیدیعای ئەوە دەکات، براکەی زانیاریی پێداوە لە بارەی ئەوەی گوڵستان دۆکو لە ناو ماڵێکدا و بە چەک لەلایەن "موستەفا تورکای سۆنەل"ـەوە کوژراوە.
لە درێژەی دانپێدانانەکەدا هاتووە، هۆکاری تاوانەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناوبراو دەستدرێژیی کردووەتە سەر گوڵستان و لە ئەنجامدا دووگیان بووە. دوای ئاشکرابوونی ئەم بابەتە، تۆمەتبارەکە هەستاوە بە کوشتنی گوڵستان.
ئەم زانیارییە نوێیانە لە کاتێکدایە، دۆسیەی گوڵستان دۆکو ماوەیەکی زۆرە وەک یەکێک لە دۆسیە هەرە ئاڵۆزەکانی بێسەروشوێنکردن لە باکوری کوردستان و تورکیا ماوەتەوە.