ڕاستەوخۆ

كۆبوونەوەی باڵای ئەمنی لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان و ڕێگری لە قاچاخچێتی بەڕێوەچوو

reset font size increase font size

لە پێناو بەهێزکردنی هەماهەنگییە سەربازی و ئەمنییەکان، کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنی هاوبەش لەنێوان دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق بەڕێوەچوو.

 کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی فەریقی یەکەم عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نوسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەڕێوەچوو. لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە سەرۆکی دەزگای بەرهەنگاربوونەوەی تیرۆر، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، بریکارەکانی هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی و یاریدەدەری سەرۆکی ئەرکانی سوپا ئامادەبوون.

لەلایەنی هەرێمی کوردستانیشەوە سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگە، فەرماندەی هێزەکانی 70 و ژمارەیەک لە فەرماندە و بەڕێوەبەری دەزگا ئەمنییەکان بەشداربوون.

 لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی کرایەوە، لەوانە:

١. دۆخی دەروازە سنوورییەکان: هەڵسەنگاندن بۆ ناوچە جێگەی بایەخەکانی هەردوولا و کاراکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە هەرێم بۆ ڕێگری لە قاچاخچێتی و دزەکردنی نایاسایی.

٢. بڕینەوەی تۆڕەکانی ماددەی هۆشبەر: دارشتنی میتۆدی نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانیان.

٣. ئاڵوگۆڕی هەواڵگری: پەرەپێدانی میکانیزمی کارکردن لە ناوەندەکانی هەماهەنگی هاوبەش بە مەبەستی خێراکردنی ئاڵوگۆڕی زانیاری لەنێوان هەردوو لادا.

 لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگە تێبینییەکانی خۆی لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی پلانی مەیدانی خستەڕوو. بەڕێوەبەری نوسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقیش جەختی لە گرنگی ئه‌نجامدانی ڕاهێنانی هاوبەش، ڕادەستکردنی داواکراوان بە دادگا و فراوانکردنی کاری هەواڵگری کردەوە. کۆبوونەوەکە بە دەربڕینی چەندین ڕاسپاردەی بەپەلە بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و تەواوکاری ئەمنی کۆتایی هات.

Rebin Karim

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.