وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گیانلەدەستدانی غەزاڵ مەولان دەکەن و
هەر سەرپێچییەک لە دۆسیەکەیدا کرابێت ڕێکاری یاسایی توند دەگرینەبەر.
لە ڕاگەیەنراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ نوچە تیڤی نێردراوە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی سلێمانی و داواکاری گشتی، لێکۆڵینەوەی یاسایی لەبارەی گیانلەدەستدانی هاوڵاتی غەزاڵ مەولان ئەنجام دەدەن.
بڕیارەکە دوای ئەوە دێت کە غەزاڵ مەولان لە کاتی گواستنەوەی لە نەخۆشخانەیەکی حکومییەوە بۆ کەرتی تایبەت، ڕێکاری پێویستی بۆ ئەنجام نەدراوە، وەزارەتەکە جەختدەکاتەوە، پاراستنی گیانی هاوڵاتییان ئەرکێکی مرۆییە و پێویستە هەموو دامەزراوەکان پابەندی یاسا و ڕێنماییە پزیشکییەکان بن.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەر سەرپێچییەک لە دۆسیەیەکە کرابێت، ڕێکاری یاسایی توند دەگرنەبەر، ئاماژە بەوەشکراوە، کەرتی تەندروستی دەبێت تەنیا لە چوارچێوەی پیشەیی و مرۆیی کار بکات و نابێت بکەوێتە ژێر هیچ جۆرە گوشار یان نیازێکی سیاسییەوە.