دیاردەی چۆڵبوونی گوندەکان و کۆچی بە لێشاوی دانیشتووان بەرەو شار و شارۆچکەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕوو لە زیادبوونە و مەترسیی گەورەی بۆ سەر کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دروست کردووە، بە جۆرێک کە ئێستا ڕێژەی گوندنشینان دابەزیوە بۆ 11%.
هاوڵاتییەک لە گوندی "کێلە سپی"ی سنووری سلێمانی، کە ماوەی 25 ساڵە لەو گوندە دەژی، باسی لەوە کرد کە زۆرینەی دانیشتووانی گوندەکەیان ماڵیان گواستووەتەوە بۆ شار و وازیان لە کاری ئاژەڵداری هێناوە، بەڵام ئەو سوورە لەسەر ماوەتەوە و دەڵێت: "گوندەکەم بەجێناهێڵم و لێرە بەردەوامی بە تەواوکردنی ژیانم دەدەم."
لای خۆیەوە، شوان جەبار، بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی، ڕایگەیاند کە ڕێژەی گوندنشینان زۆر کەم بووەتەوە و گەیشتووەتە 11%، و هۆشداری دا کە ئەم دۆخە لاوازە بووەتە هۆی قەرەباڵغبوونی شارەکان بەهۆی کۆچی گوندنشینانەوە و ئەوەش جێگەی مەترسییە.
ئامارە فەرمییەکان ئەوەش دەخەنە ڕوو کە جگە لە نەمانی بەخێوکردنی مەڕوماڵات و زیانپێگەییشتنی کەرتی کشتوکاڵ، قەبارەی خێزانیش لە سلێمانی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە؛ بە جۆرێک کە پێشتر قەبارەی خێزان 4.10 بوو و ئێستا بۆوەتە 4.0، لە کاتێکدا لە ڕابردوودا هەر خێزانێک نزیکەی 10 ئەندامی هەبوو، بەڵام ئێستا ژمارەی ئەندامانی خێزانەکان بۆ 3 بۆ 4 کەس دابەزیوە.