ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ڕاپۆرتێکدا پشتڕاستی کردەوە کە ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی لە ناوچەی شاخی کوڵەنگ لە نزیک نەتەنز لە پارێزگای ئەسفەهان دەستپێکردووەتەوە، لە کاتێکدا پشکێنەرانی ئاژانسەکە ڕێگرییان لێ کراوە دەستیان بەو ناوەندە ژێرزەمینییانە ڕابگات.
بەگوێرەی لێدوانەکانی ڕافائیل گروسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە، سەرەڕای ئەوەی مۆڵەتی پشکنینی مەیدانی بە تیمەکانیان نەدراوە، بەڵام لە ڕێگەی وێنەی مانگە دەستکردەکانەوە توانیویانە جووڵەی نوێ و پێشکەوتنی بەرچاو لە پرۆسەی بیناسازی و چالاکییەکاندا لەو ناوچەیەدا دەستنیشان بکەن.
هاوکات، ناوەندی توێژینەوە ستراتیژییەکان و نێودەوڵەتییەکان لە واشنتۆنیش پشتڕاستی کردووەتەوە کە پشکنیینی وێنەکانی مانگی دەستکرد لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا گەشەی خێرای چالاکییەکانی لەو شاخەدا نیشان دەدەن.
ئەم پەرەسەندنە ئەتۆمییانە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەبەر نەبوونی هاوکاریی پێویستی تاران، دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانی بۆ جارێکی دیکە ڕەوانەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە.