دوای چەندین ساڵ لە وشکبوون و نیگەرانیی ژینگەیی، ئاستی ئاوی گۆلی ورمێ بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە و ڕیکۆردی شەش ساڵی ڕابردوو دەشکێنێت.
بەرپرسانی ژینگە لە ئێران ڕایانگەیاند، لە چەند مانگی ڕابردوودا بڕی 30 ملیۆن مەتر سێجا ئاو ڕژاوەتە ناو گۆلی ورمێ و بەوەش ئاستی ئاوی گۆلەکە بەرزبوونەوەی پێوانەیی لە ماوەی 6 ساڵی ڕابردوودا تۆمار کردووە.
ڕەزا ڕەحمانی، بەرپرسی تیمی ڕزگارکردنی گۆلی ورمێ ئاشکرای کرد، بەهۆی زیادبوونی ئاستی بارانبارین و گرتنەبەری چەند ڕێکارێکی تەکنیکی، دۆخی گۆلەکە ڕووی لە باشبوون کردووە.
هەروەها پارێزگاری ورمێ هۆکاری ئەم دۆخەی بۆ پاککردنەوەی جۆگەکان، دابینکردنی مافی ئاوی گۆلەکە و پڕکردنەوەی زۆنگاوەکان گەڕاندەوە. جەختیشی لە سەر بەردەوامیی چاکسازی لە شێوازی ئاودێری و کشتوکاڵ کردووەتەوە.
وشکبوونی ئەم گۆلە ساڵانێکی زۆرە بووەتە جێگەی نیگەرانیی خەڵک و چالاکوانانی ژینگە، ئەم گۆڕانکارییەش بە خاڵێکی ئەرێنی بۆ پاراستنی ناوچەکە دادەنرێت.