دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند، نۆ ئەندامی ڕێکخراوی داعشیان دەستگیرکردوە کە لە ڕابردوودا ئەندامی چالاکی ڕێکخراوەکەبوون.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش دوای ئاڵۆگۆڕی زانیاریی و بەهەماهەنگیی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی عێراق توانیویانە لە سلێمانی، چەمچەماڵ، شارەزور و ڕاپەرین نۆ ئەندامی داعش دەستگیربکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو نۆ کەسە لە نێوان ڕۆژانی یەک بۆ 27ـی مانگی ڕابردوو، دوای بەدواداچوون و دەستنیشانکردنی شوێنەکانیان دەستگیرکراون.
ئاسایشی هەرێم دەڵێت، هەموو دەستگیرکراوەکان پێشتر ئەندامی چالاکی ڕێکخراوی داعش بوون و لە ئێستاشدا سەرجەمیان بە مادەکانی دوو و چواری تیرۆر، ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.