ڕاستەوخۆ

ئیدارەی ترەمپ پلانی هەڵوەشاندنەوەی یارمەتییە سەربازییەکانی بۆ پێشمەرگە دادەنێت

reset font size increase font size

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی بی بی سی و بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پلانی دانوستاندنی هەیە بۆ بڕینی یارمەتییە سەربازییەکان بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕێککەوتنی یادداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان پنتاگون و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ٣٠ی ئەیلوولدا کۆتایی دێت.

بەپێی زانیارییەکانی بی بی سی کە لە چەند بەرپرسێکی ئاگادار وەرگیراوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەدا بە بەرپرسانی هەرێمی ڕاگەیاندووە کە نیازی نوێکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنەی نییە کە ساڵانە ملیۆنان دۆلار وەک یارمەتیی چەک، مەشق و مووچە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابین دەکات.

بڕیارە لە ٣٠ی ئەیلوولدا، هاوکات لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و داخستنی کۆتا بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە هەولێر، ئەم هاریکارییە سەربازییەش ڕابگیرێت.

پسپۆڕان و بەرپرسانی پێشوو هۆشداری دەدەن کە بڕینی ئەم یارمەتییانە لە کاتێکدا کە ئێران بەردەوام هێرشی مووشەکی و درۆنی دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان، بۆشاییی ئەمنی دروست دەکات و دەبێتە دەستکەوتێکی گەورە بۆ تاران، و پەیامێکی نەرێنی دەدات کە ئەمریکا لە کاتی قەیرانەکاندا پشتی هاوکارەکانی بەردەدات.

لە بەرامبەردا، پنتاگون و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەخت لەوە دەکەنەوە کە سوپا و هێزە عێراقییەکان، لەوانەش پێشمەرگە، لە ئێستادا توانای پاراستنی سەروەریی وڵاتیان هەیە و پێگەیشتوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.