بەگوێرەی زانیارییە میدیا ئێرانییەکان، شەوی دووشەممە 8ی تەمووز، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری لە شاری پاوەی سەر بە پارێزگای کرماشان، دوو ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران کوژران و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە پارێزگای کرماشان لە راگەیێندراوێکی کورتدا پشتڕاستی کردەوە کە هێرشەکە لە بەردەم ماڵی ئەو پاسدارانە روویداوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە قوربانییەکان بریتین لە "بورهان کریسانی" و "خالید خالدینیا" کە هەردووکیان پاسداری ناوچەکە (بەسیج) بوون.
سوپای پاسداران ئەم هێرشەی بە "کردەوەیەکی تیرۆریستی" ناوبردووە و رایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوە لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە دەستی پێکردووە.
تا ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە و وردەکاریی زیاتر لەبارەی چۆنیەتیی ئەنجامدانی هێرشەکە و ناسنامەی هێرشبەران بڵاونەکراوەتەوە.
ئەم رووداوە لەکاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا، دەوروبەری شاری بانە لە پارێزگای سنە شایەتحاڵی پێکدادانی سەربازیی درێژخایەن بووە.
میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران ئاماژەیان بەوە کردبوو کە لەو پێکدادانانەدا لانیکەم سێ سەربازی سوپا کوژراون و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون.