ئەگید کابایێل، بۆکسوەرە دۆسکی (ئێزدی)ـیەکەی خەڵکی باکووری کوردستان، ناوی خۆی لە مێژوودا نووسییەوە و بە فەرمی بووە پاڵەوانی کێشی قورسی جیهان لە یەکێتیی بۆکسی جیهانی (WBC).
ئەمەش یەکەمین جارە لە مێژووی بۆکسی پیشەگەری کێشی قورسدا، کوردێک بگاتە ئەم لوتکەیە.
دوای ئەوەی ئۆلێکساندەر ئوسیکی پاڵەوانی بێشکستی ئۆکرانی دەستبەرداری پشتێن و نازناوەکانی بوو، یەکێتیی بۆکسی جیهانی (WBC) بە فەرمی ئەگید کابایێلی تەمەن 33 ساڵی لە پاڵەوانی کاتییەوە بۆ پاڵەوانی فەرمیی کێشی قورسی جیهان بەرزکردەوە.
ئەگید کابایێل، کە لە خێزانێکی کوردی ئێزدیی ناوچەی بازاڕجخی سەر بە پارێزگای مەرعەش لە باکووری کوردستان لەدایکبووە، هەمیشە بە شانازییەوە باسی لە ناسنامەی کوردیی خۆی کردووە.
ئەو لە شاری لێڤەرکوزنی ئەڵمانیا لەدایکبووە و گەورە بووە، لە زۆربەی چاوپێکەوتنەکانیدا جەختی کردووەتەوە کە ناسنامەی ئەڵمانی و کوردییەکەی تەواکەری یەکن و دەڵێت: "من کوردم و لە هەمان کاتدا ئەڵمانیشم."
ئەم پاڵەوانە کوردە دوای راگەیاندنی فەرمیی نازناوەکە، لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام نووسیویەتی:
"له ئەمڕۆوە من پاڵهوانی كێشی قورسی جیهانم لە WBC؛ یەکەمین پاڵەوانی کوردی جیهان لە مێژووی بۆکسی کێشی قورسدا، و یەکەم پاڵەوانی ئەڵمانی لەم کێشەدا لە دوای نزیکەی سەدەیەک. وشەکان ناتوانن وەسفی هەستی ئەمڕۆم بکەن."
کابایێل سوپاسی هەموو هاندەرانی کرد و گوتیشی ئەم سەرکەوتنە تەنیا هی ئەو نییە، بەڵکو "هی هەموو ئەو کەسانەیە کە لەم ڕێگەیەدا لەگەڵمدا بوون."
ئەو پێشتریش دوای سەرکەوتنە گەورەکانی، هەمیشە بردنەوەکانی پێشکەش بە گەلی کورد کردووە.
بە بەدەستهێنانی ئەم نازناوە، ئەگید کابایێل نەک تەنیا بووە یەکەمین کورد لە مێژوودا کە ببێتە پاڵەوانی کێشی قورسی جیهان، بەڵکو دوای 94 ساڵ بووە یەکەم بۆکسوەری ئەڵمانیش کە لەم کێشەدا ببێتە پاڵەوان، کە دواین جار لە ساڵانی سییەکانی سەدەی رابردوودا لەلایەن ماکس شمێلینگەوە ئەو نازناوە بۆ ئەڵمانیا بەدەستهێنرابوو.