هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی رایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی بەرهەمی خەباتی 100 ساڵەی گەلی کوردە و جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێت یاسای چوارچێوە (یاسای بنەڕەتیی پرۆسەکە) بە پەلە بخرێتە بەردەم پەرلەمان.
توولای حاتەمۆغڵو، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە میتینگێکدا لە ژێر دروشمی "بەرەو ئازادی بە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" لە شاری مێرسین وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، هەرێمی چۆکۆرۆڤا شوێنی پێکەوەژیانی کورد، عەرەب، ئەرمەن و رۆمانەکانە و بووەتە پردی برایەتیی گەلان.
"قادر ئینانیر لە ناخی دڵییەوە باوەڕی بە ئاشتی هەبوو"
حاتەمۆغڵو لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لە کۆچی دوایی هونەرمەندی ناوداری تورکیا (قادر ئینانیر) کرد و گوتی: "قادر ئینانیرم لە ساڵانی 2013-2015 لە کاتی پرۆسەی ئاشتیدا لە ئەنتاکیا ناسی، کاتێک وەک ئەندامی شاندی 'کەسایەتییە دۆستەکان' (Akil İnsanlar) کاری دەکرد. ئەو بە ڕاستی لە ناخی دڵییەوە باوەڕی بە پرۆسەی ئاشتی و بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد هەبوو."
داوای یاسای بنەڕەتیی پرۆسەی ئاشتی دەکات
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد کە بە دەستپێشخەریی عەبدوڵڵا ئۆجالان پرۆسەیەکی مێژوویی لە تورکیا دەستیپێکردووە و رێکخراوەکەش (پەکەکە) بە فەرمی بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و دانانی چەکی داوە، بەڵام حکومەت هێشتا یاسای چوارچێوەی نەهێناوەتە پەرلەمان.
حاتەمۆغڵو گوتی: "ئەگەر ئەم یاسایە دەربچێت، بۆ یەکەمجار دۆسیەی کورد لە سەر زەمینەیەکی یاسایی و دەستووری تاوتوێ دەکرێت."
دۆسیەی گۆشەگیری، قەیوم و زیندانیانی سیاسی
توولای حاتەمۆغڵو جەختی لەوە کردەوە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لایەنی سەرەکی و سەرکردەی دانوستاندنەکانە و پێویستە مەرجەکانی ژیان و کارکردنی ئازاد ببنە راستی بۆ ئەوەی رۆڵی خۆی بگێڕێت. هاوکات داوای کۆتاییهێنان بە سیستمی قەیوم و گەڕاندنەوەی هاوسەرۆکانی شارەوانیی دەستبەسەرکراوی (ئاکدەنیز)ی کرد.
لە کۆتاییدا، حاتەمۆغڵو داوای ئازادکردنی دەستبەجێی سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ، لەیلا گوڤەن، عایشە گۆککان و سەرجەم زیندانیانی سیاسیی کەیسی کۆبانێ و گەزی کرد بەپێی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا (AİHM) و رایگەیاند: "ڕێگەی کۆماری دیموکراتیک لە چارەسەری کێشەی کوردەوە دەستپێدەکات."