بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق؛ ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەش کۆتاییهێنانە بە رێکارە لۆجیستی و ئەمنییەکانی گواستنەوەی تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ مەزارگە پیرۆزەکانی نەجەف و کەربەلا.
سەردانەکەی عێراقچی دوای زیاتر لە 100 رۆژ دێت لە کوژرانی عەلی خامنەیی لە 28ـی شوباتی 2026 لە هێرشێکی ئاسمانیی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران.
بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندووە کە بەهۆی دۆخی جەنگ و مەترسییە ئەمنییەکانەوە، پرۆسەی بەخاکسپاردنەکە بۆ ماوەی سێ مانگ و نیو دواکەوتووە.
لیژنەی سەرپەرشتیاری رێوڕەسمەکە ئاشکرای کردووە، بڕیارە رۆژی چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، تەرمی رێبەری پێشووی ئێران بگەیێندرێتە نەجەف و کەربەلا، دواتریش بۆ بەخاکسپاردنی کۆتایی بگوازرێتەوە بۆ شاری مەشهەد لە ئێران.
جگە لە لایەنە ئایینی و لۆجیستییەکە، میدیا هەرێمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە عێراقچی لەم سەردانەیدا بەرپرسانی باڵای عێراق لە ئەنجامی گفتوگۆ نهێنییەکانی نێوان تاران و واشنتن لە سویسرا ئاگادار دەکاتەوە، ئەمەش جارێکی دیکە رۆڵی بەغدا وەک پردێکی دیپلۆماسی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا نیشان دەدات.