ڕاستەوخۆ

ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی دەستگیریکردن لە ناوچەی سەوز دەستیپێکرد

reset font size increase font size

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئۆپەراسیۆنێکی چەکداری و ئەمنیی بەرفراوان ناوچەی سەوزی بەغدای هەژاند؛ هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق بە تانک و چەکی قورسەوە چوونە نێو ناوچەکە و دەنگی تەقەیەکی زۆر بیستراوە.

 سەرچاوە میدیاییەکان باس لە دەستگیرکردنی چەندین پەرلەمانتار و بەرپرسی باڵا دەکەن بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی گەندەڵی.

سەرچاوە ئەمنییەکان و پەیامنێرانی مەیدانی ئاماژە بەوە دەکەن، هێزەکانی دژەتیرۆر بە تەواوی دەروازەکانی ناوچەی سەوزیان داخستووە و بە شێوەیەکی تایبەت چوونەتە نێو "کۆمەڵگەی سیگما" کە شوێنی مانەوەی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی حزبی و حکومیی عێراقە.

بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، لەم هەڵمەتەدا کێشمەکێش و پێکدادانی چەکداری لە چەند شوێنێک روویداوە.

ئەم جووڵە کتوپڕە دوای ئەوە دێت کە لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی "عەدنان جومەیلی"، بریکاری پێشووی وەزیری نەوتی عێراق پەرەیان سەندووە.

میدیا ناوخۆییەکان بڵاویانکردووەتەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە زیاتر لە "پاکتاوکردنێکی سیاسی و ئەمنی" دەچێت و تاوەکو ئێستا دەستگیرکردنی دەیان بەرپرسی لێکەوتووەتەوە؛ لە کاتێکدا هەندێک سەرچاوە باس لە دەستگیرکردنی 6 بۆ 8 بەرپرس دەکەن لە قۆناغی یەکەمدا.

هەروەها بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە ناوەندە میدیاییەکان و لایەنە ئاگادارەکانەوە دزەیانکردووە، ناوی ئەو بەرپرس و پەرلەمانتارانەی کە دەگوترێت دەستگیرکراون یان گەمارۆدراون بریتین لە:

موسەننا سامەڕائی - سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم (هێزە ئەمنییەکان بە چڕی لە چواردەوری ماڵ و بارەگاکەیدا بڵاوبوونەتەوە)

عالیە نسەیف - ئەندامی پەرلەمانی عێراق

زیاد جەنابی - ئەندامی پەرلەمانی عێراق

حەسنێن خەفاجی - ئەندامی پەرلەمانی عێراق

بەهادین نووری - ئەندامی پەرلەمانی عێراق

محەممەد کەربوولی - ئەندامی پەرلەمانی عێراق

مزهەر کروی - ئەندامی پەرلەمانی عێراق

عەلا سوکەر - ئەندامی پەرلەمانی عێراق

محەممەد سەیهود - ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق

عەلی مەعاریج - بریکاری وەزیری نەوت

فەرحان فەرتووسی - بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق

ئیبراهیم سومێدەعی - راوێژکاری پێشووی سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی

فەریق عەبدولکەریم سوودانی - سکرتێری سەربازیی پێشووی سەرۆکوەزیران

عەباس سوودانی - برای محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

هاوكات، دەنگۆی بەهێز لەسەر دەستگیرکردنی دوو وەزیری کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی بڵاوبووەتەوە، لەوانەش تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی عێراق، کە باس لە هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی دەکرێت لە گەڕەکی داوودی.

سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ئەم زانیارییە چڕانە و تێکچوونی دۆخی ئەمنیی پایتەخت، تاوەکو ئێستا ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و حکومەتی عێراق بە فەرمی هیچ راگەیێندراوێکیان بۆ پشتڕاستکردنەوە یان رەتکردنەوەی ئەم ناوانە بڵاونەکردووەتەوە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.