ڕاستەوخۆ

توركیا له‌به‌رده‌م گۆڕانكاریی یاخود ڕۆژه‌ تاریكه‌كاندا

reset font size increase font size

ئەگەر لەم کارەدا شکست بهێنین دەگەڕێینەوە بۆ ڕۆژە تاریکەکان.

تێكچوونی هەوڵەکانی ئۆزال، ئەربەکان و دەمیرەل، هۆکارەکەی خۆمان بووین.

ئەمەی سه‌ره‌وه‌ دوایین لێدوانی، نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیایە، لێدوانێک لە کەسایەتییەکی باڵا و دەسەڵاتداری دەوڵەتی تورکیاوە، کە گرنگی پرۆسەی ئاشتی و گرنگی هەنگاوەکانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کورد لە باکوری کوردستان دەردەخات.

ڕۆژی " 27ـی شوبات " عەبدوڵڵا ئۆجالان دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەڕێگەی ڕاگەیه‌ندراوێکەوە کۆتایهێنانی خەباتی چەکداریی و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕاگەیاند.

پرۆسەیەک لەنێو گێژاوی شەڕ و ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، زەنگی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێبوو لە کوردستان، تورکیا و ناوچەکەدا.

ئێستا کە زیاتر لە ساڵێک بەسەر دەستپێکردنی ئەو پرۆسەیەدا تێپەڕیوە، دەسەڵاتدارە باڵاکانی تورکیا لە زمانی خۆیانەوە باسی گرنگی پرۆسەکە و کەموکڕتییەکانی خۆیان دەکەن، کە ماوەی 40 ساڵە نەیانتوانیوە چارەسەریی بۆ دۆزی کورد بدۆزنه‌وه‌.

لەو بارەیەوە نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی وڵاتەکەی لە شەوی 14ـی ئازاردا، چەندین نهێنی جیاوازی لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەوە ئاشکرا کرد.

لە دەستپێکدا کورتوڵموش ئاماژەی بەوە کردووە، کاتێک لە پەرلەمان کۆمیسیۆنێکیان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دامەزراندووە، بیریان لەوە کردووەتەوە‌ ئه‌وه‌ی گرنگه‌، دروستكردنی گۆڕانكارییه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌كاندا، بۆ ئەمەش لە کاتێکدا هەنگاوی وا دەنێین کە شکۆی کورد پارێزراو بێت.

هەروەها لە بەردەوامی چاوپێکەوتنەکەیدا سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا باسی لەوە کردووە، لە ساڵانی نەوەدەکانەوە بە دیاریکراوی لە سەردەمی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانەکانی وەک ئەربەکان، ئۆزال و دەمیرلەوە، هەوڵە جیاوازەکان هەبووە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتیی، بەڵام لەبەر تێکدانی هەوڵەکانیان و لەبەر نەبوونی ئەقڵێکی یەکگرتوو لەنێو دەوڵەتدا، ئەو پرۆسانە هەموویان شکستیان هێناوه‌.

ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر دەسەڵاتدارانی تورکیا بەو شێوازه‌ ڕوونە باسیان لە هۆکارەکانی شکستی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا نەکردووە.

لە ڕووی یاساییشەوە باسی لەوە کردووە بڕیارێکی گرنگ لەمجارەدا ئەوە بوو کە ئەم بابەتە هیچ کاتێک نەهێنرابووە نێو پەرلەمان، بەڵام بۆ یەکەمجار لە مێژووی تورکیادا پرۆسەکەی ئەمجارە هێنرایە نێو پەرلەمانی تورکیا.

هەر لەو بارەیەوە سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسی لەوەکردووە، لە دوای جەژنی ڕەمەزانەوە وەکو کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا کۆدەبنەوە و دروستکردنی یەکە یاساییەکان دەخەنە ڕۆژەڤەوە.

دەسەڵاتدارانی تورکیا بە ڕوونی باسیان لە گرنگی پرۆسەی ئاشتی بۆ وڵاتانی دیکەش کردووە، تەنانەت کورتوڵموش دەربارەی ڕەوشی سوریا دەڵێت یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکان ئەوەیە، پرۆسەی یەکگرتنەوە لە سووریا لە ڕادەبەدەر ئەرێنی بەڕێوەدەچێت.

لەلایەکی دیکەوە ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ تورکیا بەڕێوەدەبات، عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکەیە، کاتێک ئەم بابه‌ته‌ش باس ده‌كرێت، باس لە مافی هیوا دەکرێت کە لەو ڕێگەیەوە عەبدوڵڵا ئۆجالان لە زیندانی ئیمڕاڵی ئازاد دەبێت، بەڵام نوعمان کورتوڵموش دەڵێت بۆ ئەم بابەتە بۆچوونی خۆم هەیە، بەڵام ئێستا باسی ناکەم.

هاوکات بابەتێکی دیکە، کە تورکیای ناچار بە هەوڵدان بۆ پرۆسەی ئاشتی کردووە ڕەوشی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەیە.

ئەوەتا سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت کاتێک سەیری ئێران، سووریا و پێشهاتەکانی دیکەی ناوچەکە دەکەین، ئاشکرایە کە لەنێو پرۆسەیەکی زۆر ناسکداین. کاتێکی زۆرمان نییە کە دەستمان تێیدا ئاوەڵا بێت. پێویستە بەخێرایی ئەم پرۆسەیە لەو ئاراستە هاوبەشەی کە دەرکەوتووە، بگەیەنینە ئەنجام.

لێرەدا پێویست دەکات بپرسین ئەگەر دەوڵەتی تورکیا بەردەوام بێت لە سەر نکۆڵیکردن لە دۆزی کورد، داخۆ چی چارەنووسێک چاوەروانیی دەکات؟

وەڵامی ئەم پرسە لە خودی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاوە بەدەست بخەن کە دەڵێت؛ ڕژێمەکان زۆر بەخێرایی دەگۆڕێن، ئەگەر ناوخۆی خۆمان بەهێز نەکەین، ئەوا لە پرۆژەی ئیسرائیلی گەورەدا هێزی سەرەکی کە دەبێت قوت بدرێت، تەنیا و تەنیا تورکیایە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.