وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامدانی هەر جۆرە گردبوونەوە، کۆڕ و کۆبوونەوەیەک و چالاکییە جەماوەرییەکان بۆ یاد و بۆنە نیشتمانییەکان لە تەواوی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک قەدەغە کرد.
ئەم مانگە پڕە لە بۆنە و یادی نیشتیمانی و ڕاپەڕین و بۆنە نەتەوەییەکان لە هەرێمی کوردستان، بەڵام جەنگی ئەمریکا و ئێران تا کاتێکی نادیار ئەو یادانەی قەدەغە کردووە.
رۆژی 5ـی ئازاری ساڵی 1991 خەڵکی ڕانیە لە دژی رژێمی بەعس ڕاپەڕین، دواتر ئەو ڕاپەڕینە هەموو شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستانی گرتەوە و بووە هۆی ئازادکردنی بەشێکی زۆر لە خاکی باشوری کوردستان و دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ساڵانە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە فەرمییەکان وەک بۆنەیەکی نیشتمانی لە ساڵڕۆژى یادی ڕاپهڕیندا، چالاکی هەمەجۆر، گردبوونەوە و کۆڕ و کۆبوونەوەی جەماوەری بەڕێوەدەبەن، بەڵام بۆ ئەمساڵ، ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، وێڕای پیرۆزبایی 35ـەمین ساڵیادی راپەڕین، بەڵام هیچ چالاکییەک بەڕێوەناچێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئهمساڵ به لهبهرچاوگرتنى ڕهوشى تێكڕاى ناوچهكه و ئهو دۆخه نهخوازراوە، بههۆى جهنگ و بۆردومانى لایهنه شهڕكهرهكانهوه هاتووەتە ئاراوه، له سۆنگهى ههست كردن به بهرپرسیارێتیی بهرانبهر سهلامهتیى گیانى هاوڵاتیان و بۆ ڕێگرتن له ههرچهشنه ڕووداوێكى نهخوازراو و كارهساتبار، به پێویستی دەزانین بۆ یادەکە، هیچ قهرهباڵغى و كۆڕ و گردبوونهوهیهك ئهنجام نهدرێت.
هاوکات، قایمقامی قەزای ڕانیەش ڕایگەیاند، بەهۆی لێکەوتە ئەمنییەکانی جەنگی ناوچەکەوە، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، تەواوی چالاکییەکانی ساڵیادی ڕاپەڕینی سنورەکە ڕادەگرن و ئەمڕۆ هیچ چالاکییەک ئەنجام نادرێت.
حسێن مەحمود، قائیمقامی قەزای ڕانیە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا گوتی، پێشهاتە ئەمنییەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لێکەوتی خراپی لەسەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دروستکردووە و وەک ڕێکارێکی پارێزگاری لە سەلامەتیی گشتیی و بەهۆی هەستیاریی بارودۆخەکەوە بڕیارەکە دراوە.