مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو مووچەخۆرانەی لە ڕێگەی پڕۆژەی (هەژماری من)ـەوە مووچەکانیان بە شێوەی ئەلیکترۆنی وەردەگرن گەیشتە ملیۆنێک کەس، بەوەش قۆناغی دابەشکردنی مووچە بە کاش و ڕاوەستانی درێژخایەن لە نۆرەکاندا کۆتایی هات.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سێ ساڵ لەمەوبەر بەڵێنی بەئەلیکترۆنیکردنی مووچەیان دا و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە ئەم هەفتەیە ملیۆنێک هاوڵاتی لە ڕێگەی بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی بانکی ناوەندیی عێراقەوە مووچەکانیان وەردەگرن.
مەسرور بارزانی ئەم پڕۆژەیەی وەک بنەمایەک بۆ فراوانکردنی گشتگیریی دارایی ناوبرد، کە دەستڕاگەیشتن بە قەرز و خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان ئاسان دەکات، سەربەخۆیی دارایی بە هاوڵاتییان دەبەخشێت و تۆڕێکی فراوانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارەی (ATM) لە سەرانسەری هەرێمدا بۆ فەراهەم کردوون.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی هاوڵاتییانی کرد بۆ پشوودرێژییان، هەروەها دەستخۆشی لە بانکە هاوبەشەکان و تیمی پڕۆژەی (هەژماری من) کرد بۆ هەوڵەکانیان لە بەجێگەیاندنی ئەم پرۆژە نیشتمانییە لە ساڵی 2023ەوە بۆ مۆدێرنکردنی سیستمی دارایی هەرێم.