کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەی 31ـی ئازار، ساڵیادی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد و هاوڕێیانی لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەسەر زیندویەتی پەیام و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی کەنەکەدا هاتووە، لە 31ـى ئازاری 1947دا، دەوڵەتی ئەو کاتەی ئێران دوای ڕووخانی کۆمار، پێشەوا قازی محەمەد، سەرۆککۆمار، سەیفی قازی، وەزیری بەرگری و سەدری قازی، نوێنەری مەهاباد لە پەرلەمانی لەسێدارەدا.
گوتوشیانە، بەهۆی ڕێککەوتنی وڵاتانی وەک بەریتانیا و یەکێتی سۆڤیەت کە تەنیا بیریان لە بەرژەوەندیی خۆیان دەکردەوە، پشت لە کورد کرا و ڕێگە خۆشکرا بۆ ڕژێمی فاشیستی شای ئێران تا هێرش بکاتە سەر کۆمار، ئەم ئەزموونەش نیشانیدا کە هێزە کۆڵۆنیالیستەکان بەرپرسی یەکەمی چارەسەرنەکردنی کێشەی کوردن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ گەنجان و ژنانی کورد بە دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) درێژە بەو ڕێبازە دەدەن کە پێشەوا قازی دەستی پێکردبوو. سەرەڕای لەسێدارەدانی ڕۆژانەی گەنجان، چالاکوانان و کۆمەڵکوژیی کۆڵبەران، کەچی ئیرادەی گەلی کورد بۆ ئازادیی نەشکاوە.