بە گوێرەی هەواڵێکی ماڵپەری "حوڕە"ی ئەمریکی، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە سەردانێکی کتوپڕ و رانەگەیەندراودا بۆ بەغدا، تەواوی هاوکێشە سیاسییەکانی ئاڵۆزتر کرد و سێ مەرجی توندی تاران و سوپای پاسدارانی خستە بەردەم لایەنە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی و سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، کە گرنگترینیان پاراستنی قەوارەی حەشدی شەعبی و رەتکردنەوەی هەر جۆرە دەستکارییەکی پێکهاتەی کارگێڕی و سەربازیی ئەو گروپانەیە لەژێر فشاری ئەمریکادا.
هەروەها قائانی بە راشکاوی بە سەرکردە شیعەکانی راگەیاندووە کە "بەرەی مقاومە هێڵی سوورە" و پێویستە حکومەتەکەی زەیدی هیچ سازشێک لەسەر دۆسیەی چەکی گروپەکان نەکات و داواکارییەکانی ئەمریکا بۆهێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا رەتبکاتەوە، تەنانەت پەیامی توندی ئاڕاستەی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهل لحەق کردووە کە دەستبەرداری پۆستە وەزارییەکانیان ببن بەڵام چەک رادەست نەکەن، چونکە بە گوتەی ئەو "ئێستا کاتی ئەوە نییە".
لە لایەکی دیکەوە ئەم فشارانەی تاران لە کاتێکدایە کە واشنتن لای خۆیەوە لە رێگەی پشتگیرییەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ زەیدی، چاوەڕێی هەنگاوی ململانێ و "کردار" دەکات بۆ دەرکردنی میلیشیاکان لە دامەزراوەکان و بڕینی مووچەکانیان، ئەمەش عەلی زەیدی خستووەتە نێوان بەرداشی داواکارییەکانی ئەمریکا و هێڵە سوورەکانی ئێرانەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم چەقەبەستووییە سیاسییە نێودەوڵەتییەدا، کێشە نێوخۆییەکانی لایەنە شیعەکانیش لەسەر دابەشکردنی وەزارەتە سیادییەکان گەیشتووەتە لووتکە، بەتایبەت ململانێی نێوان هاوپەیمانییەکەی سودانی و دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی لەسەر وەزارەتی ناوخۆ و ناکۆکییەکانی لەگەڵ عەممار حەکیم لەسەر وەزارەتی نەوت.
لەکۆتاییدا ئەم ئاڵۆزییانە وایکردووە ئەگەری دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە حکومەت یان تێپەڕاندنی کابینەیەکی ناتەواو و پەککەوتە ببێتە بژاردەی سەرەکی، کە ئەمەش جارێکی دیکە پڕۆسەی سیاسی عێراق رووبەڕووی قەیرانێکی قووڵ و تەمومژاوی دەکاتەوە.