دوای 11 ڕۆژ لە گەڕانی بەردەوام، ئەمڕۆ سێشەممە تەرمی مینا عیسای تەمەن 17 ساڵ دۆزرایەوە، کە یەکێک بوو لەو سێ سەرنشینەی بەهۆی کەوتنی ئۆتۆمبێلەکەیان بۆ ناو ڕووباری گەلی عەلی بەگ بێسەروشوێن ببوو.
کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە ڕاگەیاند، ڕووداوەکە شەوی 1ـی ئایاری 2026 لە نزیک (کانی ماران) ڕوویداوە و تێیدا شۆفێرێک و ژنێک ڕزگارکراون، بەڵام سێ منداڵ و مێردمنداڵ کەوتنە ناو ئاوەکەوە.
پێشتر تەرمی لاوەند خورشیدی تەمەن 7 ساڵ دوای چوار ڕۆژ دۆزرایەوە و بە دۆزینەوەی تەرمی میناش لە ئێستادا تەنیا ئادەم خورشیدی تەمەن 3 ساڵ بێسەروشوێنە، کە تیمەکانی بەرگری شارستانی سەرەڕای سەختیی ناوچەکە و خێرایی ئاوەکە، تاوەکو ئێستا لە گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا بەردەوامن.