ڕاستەوخۆ

پنتاگۆن: تێچووی جەنگی ئێران گەیشتە 29 ملیار دۆلار

reset font size increase font size

 

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) رایدەگەیێنێت، تێچووی جەنگی وڵاتەکەی دژی ئێران تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی 29 ملیار دۆلار، ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر خەمڵاندنەکان بە بڕی 4 ملیار دۆلار کەمتر لەم ژمارەیە بوون.

جای هەرس، کە ئەرکی سەرپەرشتیکردنی کاروباری دارایی (کۆنترۆڵەر) لە پنتاگۆن لە ئەستۆیە، رۆژی سێشەممە لە میانی دانیشتنێکی لیژنەی تەرخانکردنی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی پێشتر کە 25 ملیار دۆلار بوو و پێشکەشی کۆنگرێس کرابوو، گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

بەگوتەی ئەو بەرپرسەی پنتاگۆن، تیمە تەکنیکییەکان و داراییەکان بەردەوام لە پێداچوونەوەی خەمڵاندنەکاندان و ئێستا ژمارەکە نزیکبووەتەوە لە 29 ملیار دۆلار.

 هەرس ئاماژەی بەوەش کرد کە هۆکاری ئەم زیادبوونە بۆ "نوێکردنەوەی تێچووی چاککردنەوە و گۆڕینی کەرەستە سەربازییەکان و تێچووی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ هێشتنەوەی هێزەکان لە ناوچەکە" دەگەڕێتەوە.

ئەم ئامارە فەرمییەی پنتاگۆن لە کاتێکدایە، هەندێک لە سەرچاوە ناوخۆییەکانی ئەمریکا دەڵێن ژمارە ڕاستەقینەکە زۆر لەوە زیاترە.

پێشتر میدیاکانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردبوو کە ئەو خەمڵاندنانەی پێشکەشی کۆنگرێس کراون تێچووی چاککردنەوەی ئەو زیانە گەورانە ناگرێتەوە کە بەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتوون.

 هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ئەگەر تێچووی نۆژەنکردنەوەی بنکەکان و قەرەبووکردنەوەی کەرەستە تێکشکاوەکان ئەژمار بکرێت، بڕەکە دەگاتە نێوان 40 بۆ 50 ملیار دۆلار.

لە لایەکی دیکەوە، پیت هیگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری ئەندامانی کۆنگرێس سەبارەت بە وردەکاریی دارایی جەنگەکە رایگەیاند، پنتاگۆن "ئەوەی پێویست بێت و پەیوەندیدار بێت لەگەڵ کۆنگرێس بەشی دەکات."

ئەم جەنگە کە تێچووە داراییەکەی بەردەوام لە هەڵکشاندایە، بووەتە جێگەی مشتومڕی توند لە نێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکان لەناو کۆنگرێسی ئەمریکا، بەتایبەت لەبارەی کاریگەرییەکانی لەسەر بودجەی گشتی و ئاسایشی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.