وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی ڕاگەیاند و دەڵێت: "پڕۆسەکە تەنیا چوار ڕۆژ دەخایەنێت".
ئەمڕۆ سێشەممە (12) ی ئایاری (2026)، ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی بڵاوی کردەوە؛ ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (13) ی ئایاری (2026) دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ڕۆژی شەممە (16) ی ئایاری (2026) کۆتایی بە دابەشکردنی مووچە دێت.
وەزارەتی دارایی لە بارەی شێوازی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینانەوە ڕوونکردنەوەی دا و ڕایگەیاند، هەرچەندە بە پێی خشتەکە مووچەی خانەنشینانی سەربازی بە شێوەی کاش ڕۆژی پێنجشەممە دابەش دەکرێت، بەڵام ئەو خانەنشینانەی لە ڕێی پڕۆژەی (هەژماری من) مووچە وەردەگرن، دەتوانن سبەی چوارشەممە مووچەکانیان لە ڕێی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە وەربگرن.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی جەختی لەوەش کردەوە، ئامادەکارییەکان تەواو کراون بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بە بێ گرفت بەڕێوە بچێت و گوتیشی: "لە ماوەی ئەو چوار ڕۆژەدا سەرجەم وەزارەت، دەستە و خانەنشینان مووچەکانیان وەردەگرن".