لیژنەیەکی تایبەتمەند لە حکومەتی کاتیی سوریا، بە مەبەستی تێکەڵکردنی کارمەندان لە کەرتی پەروەردە، دەستی کردووە بە وردبینیکردن لە دۆسیەی کارمەندانی پەروەردەیی و کارگێڕیی سەر بە بەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان.
ئەمڕۆ سێشەممە (12) ی ئایاری (2026)، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی کاتیی سوریا ڕایگەیاند، لیژنە هاوبەشەکانی وەزارەتی پەروەردە و گەشەپێدانی کارگێڕی، بە مەبەستی وردبینیکردن لە دۆسیەی تێکەڵکردنی کارمەندانی پەروەردە و کارگێڕیی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، کارەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای حەسەکە دەست پێ کردووە.
وەزارەتی پەروەردە لە بارەی وردەکاریی کارەکانی لیژنەکە بە میدیاکانی ڕاگەیاند، لیژنەکە پێداچوونەوە لە بەڵگەنامە، بڕوانامە و زانیاریی تایبەت بە کارمەندان دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لە گونجانیان لەگەڵ پێوەرە پەسەندکراوەکان و گوتییش: "ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ ڕێکخستنی باری یاسایی کارمەندان و تەواوکردنی دۆسیەی تێکەڵکردنیان بە پێی بنەما یاسایی و کارگێڕییەکان".
ڕایگەیاندیش: "ئەم پڕۆسەیە بە ئامانجی دەستەبەرکردنی بەرزترین ئاستی شەفافیەت و دادپەروەریی ڕێکخراوەیی لە کەرتی پەروەردە دا ئەنجام دەدرێت و بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی حەسەکەش هەموو ئاسانکارییەکی لۆجیستی و تەکنیکی بۆ سەرکەوتنی کارەکانی لیژنەکە دابین کردووە".
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی کاتیی سوریا جەختی لەوەش کردەوە، کارەکان بە گوێرەی خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو بەڕێوە دەچن و گوتیشی: "پێویستە کارەکانی وردبینی بە باشی ئەنجام بدرێن بۆ ئەوەی مافی هیچ کارمەندێک نەفەوتێ و پڕۆسەی تێکەڵکردنەکە بە شێوەیەکی یاسایی کۆتایی بێت".