کۆمیتەی باڵای ئەمنیی هاوبەشی عێراق و ئێران لە بەغدا کۆبووەوە و هەردوولا جەختیان لە زیادکردنی هەماهەنگییە ئەمنییەکان و کۆنترۆڵکردنی چالاکیی پارتەکانی کوردییەکانی ئێرانیان لە هەرێمی کوردستان کردەوە.
نووسینگەی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رایگەیاند، لە میانی کۆبوونەوەکەدا دۆسیەی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کراوە و هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ تووندکردنی رێکارە ئەمنییەکان لە ناوچە سنوورییەکان.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، شاندی ئێرانی راپۆرتێکی لەبارەی چالاکیی ئەو پارتانە لە هەرێمی کوردستان پێشکەش کردووە و بەغداش دووپاتی کردووەتەوە کە رێگە نادات خاکی عێراق بۆ هەڕەشە لەسەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێت.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە لە هەفتەکانی رابردوودا و هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، بنکە و بارەگاکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان چەندین جار کراونەتە ئامانجی هێرشی درۆنی و مووشەکی و بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە لانی کەم 21 ئەندامی ئەو پارتانە گیانیان لەدەستداوە و دەیانی دیکەش بریندار بوون.