ڕاستەوخۆ

کەسکین بایندر: دەوڵەتی تورکیا بە دواخستن پرۆسەی چارەسەری دەخاتە مەترسییەوە

reset font size increase font size

هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان ڕایگەیاند: دەوڵەتی تورکیا بە درێژکردنەوەی کات، پرۆسەی چارەسەری دەخاتە مەترسییەوە و تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتی و یاسایی نەناوە.

کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسەکان سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا، گوتی: نزیکەی ساڵ و نیوێک تێپەڕیوە، دەوڵەت هەنگاوێکی کۆنکرێتی و پابەندکەر و یاسایی نەناوە، لە تورکیا دەوڵەت نەریتی درێژکردنەوەی دواخستنی چارەسەری هەیە، بەو شێوازەی کە ئەمڕۆ بەکاریدەهێنێت.

ڕاشیگەیاند: ئەمڕۆش هەمان شێواز بەکاردەهێنرێت، حکومەتی تورکیا ئاشتی وەک ڕێککەوتنێکی کۆمەڵایەتی نابینێت، بەڵکو وەک ئامرازێکی تاکتیکی بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی سیاسی خۆی دەبینێت، بەڵام کورد چیتر تەنها پرسێکی ناوخۆ نییە بۆ تورکیا، بەڵکو ئەکتەرێکی گرنگە لە دووبارە جێگیرکردنەوەی هاوسەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بایندر، جەختی لەوە کردەوە کە ئازادیی ئۆجالان بەشدارییەکی گرنگ لە پرۆسەکەدا دەکات و گوتی: گرنگترین هەنگاو بۆ بەردەوامی پرۆسەکە هەڵگرتنی سیستمی گۆشەگیرییە لەسەر ئیمراڵی، بەبێ مسۆگەرکردنی ئازادیی ئۆجالان، مەحاڵە ئەم پرۆسەیە پێشبکەوێت.

 گوتیشی: ئاشتی بە گۆشەگیرکردنی مخاتب پێکنایەت، ئەزموونە مێژووییەکانیش بە ڕوونی ئەمەیان دەرخستووە، هەر لەسەرەتاوە دەگوترێت ئەم پرۆسەیە پرۆسەی خەبات و دانوستانە. لەگەڵ بەهێزبوونی سیاسەتی دیموکراسی، دانوستانەکانیش بەهێزتر دەبن.

هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان ئاماژەی بەوەش کرد: ئەگەر هەنگاوی پێویست نەنرێت، خەڵک پێکهاتەی دیموکراسی خۆیان بنیات دەنێن، تەنانەت بە هەر نرخێک بێت. نابێت ئەوە لەبیر بکرێت، کە ئاشتیی ڕاستەقینە چاکەیەک نییە لەلایەن فەرمانڕەواکانەوە بدرێت، بەڵکو مافێکە لە ڕێگەی خەباتی خەڵکەوە بەدەستهاتووە.

پرۆژەی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک" کە عەبدوڵڵا ئۆجالان دامەزرێنەری پەکەکە لە 27ی شوباتی 2025 پێشکەشی کرد، بە سەرەتای سەردەمێکی نوێ لە پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتی لە تورکیا دادەنرێت، هەرچەندە دوای بانگەوازەکە هەندێک هەنگاو نراون، بەڵام هەنگاوە یاساییە چاوەڕوانکراوەکان لەلایەن دەوڵەتەوە نەنراون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.