ئەنجومەنی کێڵگەپەلەوەرییەکانی سلێمانی دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان کە ڕێگری لە هەر بەرزبوونەوەیەکی نایاسایی لە نرخی هێلکەدا دەکەن و بەردەوامن لە دابینکردنی بەرهەمی ناوخۆیی بە کوالێتییەکی بەرز.
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی گرانکردنی نرخی هێلکە لە هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی کێڵگەپەلەوەرییەکانی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هاوڵاتییانی سلێمانی دڵنیا دەکەنەوە دەنگۆکانی گرانکردنی نرخی هێلکە دوورن لە ڕاستییەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، وەک ئەنجومەن، بە هەموو شێوەیەک ڕێگری دەکەن لە هەر بەرزبوونەوەیەکی نایاسایی لە نرخی هێلکەدا و ڕێگە نادەن بارگرانیی بۆ سەرشانی هاوڵاتیان دروست ببێت و بەرژوەندیی هاوڵاتیان لە سەر هەموو شتێکەوەیە.
ئەنجومەنەکە ڕاشیگەیاندوە، سەرجەم کێڵگە پەلەوەرییەکانی سنوری سلێمانی بەردەوامن لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان بە بڕ و کوالێتییەکی بەرز و تواناکانیان دەخەنەگەڕ بۆ ڕێگرییکردن لە هەر کورتهێنانێکی ئەم مادە خۆراکییە لە بازاڕدا.