وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو لە چەند کاتێکی جیاوازدا، چەند هێرشێکی درۆنی کرایە سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و سەرجەمیان تێکشکێندراون.
ئەمڕۆ 10ـی نیسانی 2026، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە پاڵپشتیکردن لە ئاشتی و سەقامگیری بووە و بەشێک نەبووە و نابێت لە شەڕ و گرژی لە ناوچەکە، شەوی ڕابردوو لە چەند کاتێکی جیاوازدا، چەند هێرشێکی درۆنی کرایە سەر چەند شوێنێکی جیاواز لە هەرێمی کوردستان".
وەزارەتەکە شوێنی هێرشەکانی ئاشکرا نەکردووە و ئاماژەی بەوەکردووە، "هەموو هێرشەکانی شەوی ڕابردوو تێکشکێندراون و خراونەتە خوارەوە".
گوتووشیەتی، "هەرێمی کوردستان و هاوڵاتییان چاوەڕێی ئاسایی بوونەوەی دۆخەکەیان دەکرد، بەڵام بەداخەوە تیرۆریست و خراپەکاران کە چاویان بە ئارامی و پێشکەوتنی وڵاتەکەمان هەڵنایە، لە نانەوەی پشێووی بەردەوامن".
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، "جەخت لە پشتگیری ئاشتی و ئۆقرەیی دەکەین، داوا لەهەموو لایەک دەکەین کە ئەو هێرشانە ڕابگرن و چیتر سەقامگیری و ئۆقرەیی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتییان نەکەنە ئامانج".
لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تاوەکو ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان بە 707 درۆن و موشەک بۆردومان کراوە، بەهۆیەوە 17 کەس گیانلەدەستداوە و 92 کەسیش بریندار بوون.