مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند کە لە پێناو ئاسانکاری لە کاروباری ڕۆژانەی هاوڵاتییان و هەڵگرتنی ڕێگرییەکانی بەردەم هاتوچۆ، دوو هەزار و 700 خاڵی پشکنینی سەربازی و ئەمنی لە باکووری کوردستان هەڵگیراون.
وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X) نوێترین زانیاریی لەبارەی گۆڕانکاری و گەشەسەندنە ئەمنییەکان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆی ئەو دوو هەزار و 700 خاڵە، دوو هەزار و 560 خاڵیان تایبەت بووە بە پشکنینی ئەمنی و 203 خاڵی دیکەش تایبەت بوون بە هێزەکانی جەندەرمە.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە دوابەدوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی چارەسەری لە ساڵی 2015دا، بە فەرمانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، چەندین خاڵی پشکنینی سەربازیی توند لە نێوان شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستاندا جێگیر کرابوون.
لە لایەکی دیکەوە و پێوەست بە دۆخی سەربازی، پارێزگاری ئاکسارای ڕایگەیاند کە سەربازێکی سوپای تورکیا کە پێشتر لە ناوچەکانی ئاڤاشین و زاپی سەر بە هەرێمی کوردستان بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆوە بە سەختی بریندار بووبوو، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی لێکۆڵینەوەی گوڵخانە لە ئەنقەرە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.