ڕاستەوخۆ

کەژار: دوو ئەندامی کۆمەڵەکەمان لە ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە ڕفێنراون

reset font size increase font size

کۆمەڵەی ژنانی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) ڕایگەیاند، دوو کەس لە ئەندامانی ڕێکخراوەکەیان لە شاری ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستگیر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە؛ جەختیشی کردەوە کە بەرپرسایەتیی تەواوی گیان و تەندروستییان لە ئەستۆی دەسەڵاتی ئێراندایە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کەژار، ئەو دوو ژنە چالاکە بە ناوەکانی (زەهرا پیردێهقان) ناسراو بە (دجلە ماکۆ)، تەمەن 32 ساڵ و خەڵکی چالدران، و (پەروین قزڵباش) ناسراو بە (ئادار ماکۆ)، تەمەن 32 ساڵ و خەڵکی ماکۆ، لە کاتی ئەنجامدانی چالاکیی رێکخستنیی ژناندا لە شاری ورمێ، لە چەند کاتی جیاوازدا لەو شارەدا بێسەروشوێن کرابوون و دواتر دەرکەوتووە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێنراون.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ مانگ بەسەر دەستگیرکردن و بێسەروشوێنکردنیان، تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و دۆخی تەندروستیی ئەم دوو ئەندامەیان لەبەردەستدا نییە و دەزگا ئەمنییەکان ئامادە نیین وەڵامی بنەماڵەکانیان بدەنەوە، بەڵکو لە ڕێگەی گوشارخستنە سەر کەسوکاریانەوە هەوڵی ڕێگریکردن لە هەر بەدواداچوونێکی مەدەنی و یاسایی دەدەن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا، کەژار کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەرپرسی سەرەکیی پاراستنی گیان و تەندروستیی ئەندامەکانی زانی و داوای کرد بەپەلە شوێنی ڕاگرتنیان ئاشکرا بکرێت؛ هاوکات داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و ژنان کرد کە لە بەرامبەر ئەم پێشێلکاری و ڕەفتارە ئەمنییانە بێدەنگ نەبن.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.