لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ڕۆژی چوارشەممە، 23ی ئەیلولی 2026، دۆخی پەروەردە و ئاستەنگەکانی بەردەم خوێندکاران و مامۆستایان، نیگەرانیی فراوانی لێ کەوتووەتەوە.
ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی پارێزگای سنە لە ڕاگەیەنراوێکدا جەختی لەسەر مافی سەرەکیی خوێندکارانی کورد بۆ خوێندن بە زمانی دایک کردووەتەوە و داوای کۆتاییهێنانی بەپەلەی بە گوشارە ئەمنی و کارگێڕییەکان بۆ سەر توێژی مامۆستایان کردووە.
ئەنجوومەنەکە ئاشکرای کردووە، قوتابخانەکانی پارێزگای سنە ڕووبەڕووی کەمیی توندی هێزی ئادەمی بوونەتەوە و پێویستیان بە نزیکەی دوو هەزار و 740 مامۆستای دیکە هەیە، ئەمەش جگه لە کێشەی قەرەباڵغیی لەڕادەبەدەری پۆلەکان، بەرزبوونەوەی بەرچاوی تێچووی خوێندن و کەمیی پێداویستییە پەروەردەیی و تەندروستییەکان لە ژمارەیەکی زۆری قوتابخانەکاندا.
لە لایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکی ساڵانەدا ئاماری گوشارە ئەمنییەکانی بۆ سەر کەرتی پەروەردە خستووەتە ڕوو و ڕایگەیاندووە، لە ماوەی ساڵێکدا لانیکەم 315 منداڵ و خوێندکاری خوار 18 ساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و هەشت خوێندکاریش سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە.
ڕاپۆرتەکەی هەنگاو ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ماوەی ساڵێکدا نزیکەی 60 مامۆستای قوتابخانە و زانکۆ لە ئێران دەستگیر کراون؛ کە تەنیا لە پارێزگای ئیلام 24 مامۆستای قوتابخانە و لە کرماشان شەش مامۆستای زانکۆ دەستبەسەر کراون، هاوکات سزای زیندانیکردن بەسەر 16 مامۆستای دیکەدا جێبەجێ کراوە.
ئەم کۆمەڵە ئاستەنگە کارگێڕی، پەروەردەیی و ئەمنییانە نیشانی دەدەن، ساڵی نوێی خوێندن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆر سەخت بووەتەوە.