بەهۆی تێوەگلانی ناوچەکە لە جەنگی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەردەوام ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بەرفراوان لە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەتەوە.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ڕێکخراوی تیمی کوردستانی عێراق (CPT)، لە کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2026، سەدان هێرش لە لایەن هێزەکانی ئێران و گرووپە چەکدارییە هاوپەیمانەکانی لە عێراق کراونەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێم.
سەرەتای ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ساڵی 2023 دەگەڕێتەوە، کاتێک لە ساڵی 2024دا ئێران و ئیسرائیل هێرشی مووشەکییان کردە سەر پێگەکانی یەکدی. پاشان لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2025دا، ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانیی 12 ڕۆژەی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
دۆخەکە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا زیاتر ئاڵۆز بوو، دوای ئەوەی گەورەترین خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە ناوخۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵدا و بەهۆی سەرکوتکاریی هێزە ئەمنییەکانەوە هەزاران هاووڵاتی کوژران و بریندار بوون، ئەمەش وایکرد دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەربازی لە دژی ئێران بکات.
گرژییەکان لە 28ی شوباتی ئەمساڵدا گەیشتنە لووتکە، کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی لەناکاویان کردە سەر چەندین شاری ئێران، کە بەهۆیەوە عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کوژران. لە وەڵامدا، ئێران بە هێرشی مووشەکی و درۆن بۆ سەر ئیسرائیل، بنکەکانی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی لە ناوچەکەدا کاردانەوەی نواند.
هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەوە لە 28ی شوبات، بووەتە ئامانجی سەرەکیی دەەیان مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراوی ئێران و گرووپە عێراقییە چەکدارییەکانی. مێژووی ئەم بۆردوومانانە بۆ کاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2022 و هێرشە پچڕپچڕەکانی ساڵی 2025 دەگەڕێتەوە، کە زیاتر بە بیانووی لێدانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێگە بیانییەکان ئەنجام دەدرێن، بەڵام بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتیانی مەدەنی و زیانگەیاندن بە ژێرخانی ئابووری.
بە گوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی سی پی تی (CPT)، تەنیا لە نێوان 28ی شوبات بۆ 28ی ئایاری ئەمساڵ، 751 هێرش لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا تۆمارکراون. سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەستیش، هێرشەکان نەوەستاون، بە جۆرێک لە نێوان 28ی ئایار بۆ 8ی حوزەیرانی 2026، تیمی کوردستانی عێراق 104 هێرشی دیکەی تۆمارکردووە، بەمەش کۆی گشتیی هێرشەکان لەمساڵدا گەیشتووەتە 855 هێرش. ئامانجەکان تەنیا کەمپەکانی ڕاهێنانی سەربازی نەبوون، بەڵکو کەمپی مەدەنیی نیشتەجێبوونی ژنان، منداڵان و خێزانەکانیشی گرتووەتەوە.
لە بەرامبەردا، حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام سەرکۆنەی ئەم بۆردوومانانە دەکەن و جەخت دەکەنەوە، کە ئەم هێرشە بەردەوامانە پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانن.