شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەرکۆنەی کارێکی ڕۆژنامەوانیی دەکەن لەلایەن پەیامنێری یەکێک لە میدیاکانەوە لە ئەمریکا، بۆ لەکەدارکردنی سلێمانی پرسیارێکی نائاسایی ئاڕاستەی دۆناڵد ترەمپ کردوە.
گوتیشی، تەنها ئامانجی ئەو پرسە ڕق بووە لە سلێمانی و خەڵکەکەی، لە بارەی ناردنی چەکیش لە ئەمریکاوە بۆ هەرێم دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە خۆی وەڵام بداتەوە و ئەوە کاری ئەنجومەنی پارێزگا نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "دەبوو ئەو میدیایە و میدیاکارەکانی بەدواداچوونیان لە سلێمانی و هەرێمی کوردستان بکردایە بۆ ڕاستیی و دروستیی بابەتەکە نەوەک لە وەها شوێنێکدا باسی پرسێکی لەو جۆرە بکرێت".
هەروەها ڕاشیگەیاند، "داواکارن ئەو میدیایە دوانەکەوێت لە داوای لێبوردن و دەبێت میدیاکە و پەیامنێرەکە بە فەرمیی داوای لێبوردن لە سلێمانی و خەڵکەکەی بکەن، چونکە ئەگەر وانەکەن وەک ئەنجومەنی پارێزگا سکاڵای یاساییان لە سەر تۆماردەکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد، "کارکردنی ئەو کەس و لایەنانە لە سەر سلێمانی مایەی نیگەرانییە و دەبوو وەک نمونەیەکی جوان لە سلێمانی بڕوانن، چونکە سلێمانی بۆ لایەنێکی سیاسیی نییە و پانتایی ئازادیی و ڕۆژنامەوانیی و ڕادەربڕین لە سلێمانی لە پێشکەوتندایە". گوتیشی، پێویستە وەزارەتی ڕۆشنبیرییش بە ئەرک و بەرپرسیارییەتی خۆی هەڵبسێت لە سەر ئەوانەی بە مەبەست کار لە سەر ناوچەیەکی دیاریکراو دەکەن.
ئەوەش دوای ئەوەدێت، چەند ڕۆژ پێش وەزارەتی ناوخۆ لە ڕوونکردنەوەیەکیدا وەڵامی کەناڵێکی سلێمانی دایەوە لە بارەی پرسی ناردنی چەک لە ئەمریکاوە و گوتی، ئەو قسانەی باس لەوەدەکەن چەک دراو بە وەزارەتی ناوخۆ سەرلەبەریان ناڕاستن و بەمشێوە دەیانەوێت ڕاستی بابەتەکە بەلاڕێدا ببەن. گوتیشی، وەزارەت سکاڵا لە کەناڵەکە و میوانەکەی تۆماردەکات.