ڕیشسپی و شێخانی عەشیرەتە کورد، عەرەب و سوریانییەکانی هەرێمی جزیری، لە شارۆچکەی چل ئاغا لەسەر بانگهێشتی شێخ مانی حومەیدی دەهام ئەلجەربا، شێخی عەشیرەتی شەمەر، لە گوندی (تەل عەلو) کۆبوونەوە، ئامانجی کۆبوونەوەکەش بەهێزکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەوڵانە بوو، کە دەیانەوێت ئاژاوە و دووبەرەکی بخەنە نێوان پێکهاتەکانی ناوچەکەوە.
فەهد محەمەد سەعید ئاغا، (ڕیشسپیی عەشیرەتی دەقۆری)، ئاماژەی بەوە کر، کە هەوڵ بۆ نانەوەی ئاژاوە، مێژووییە و لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە تا حکومەتەکانی دوای ئەوانیش بەردەوام بووە، بەڵام پێکهاتەکانی جزیرێ هەمیشە یەکگرتوویی خۆیان پاراستووە.
سامر شێخۆ کیکانی (عەشیرەتی کیکان) ڕایگەیاند، ئەو گرەوانەی لەسەر دروستکردنی شەڕی نێوان کورد و عەرەب دەکرێن، شکستیان هێناوە، چونکە خەڵکی ناوچەکە خاوەن هۆشیارییەکی بەرزن.
شێخ عەواد ئەلعوگلە (ڕیشسپیی عەشیرەتی بەگارا)، جەختی لە کردەوە، کە دەسەڵات و حکومەتەکان دەگۆڕێن، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها یەکێتیی گەلان و ژیانی هاوبەشە.
ئەحمەد حەواس (شێخی عەشیرەتی جبور)، باسی لەوە کرد، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان پێکهاتەکان زۆر قووڵترن لەوەی بە گوتاری کینە و فیتنە تێکبچن.
شێخ مانی حومەیدی ئەلجەربا، کە ڕێکخەری کۆبوونەوەکە بوو، پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی ڕای گشتی کرد و ڕایگەیاند، ئەم کۆبوونەوەیە پەیامی برایەتیی کورد و عەرەبە. دانیشتووانی ناوچەکە لەسەر شێوازی ژیانی هاوبەش بەردەوام دەبن و پێکەوە کار دەکەن بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ تەواوی پێکهاتەکانی گەلی سوریا.