پۆلیسی ئاسایشی ئێران لە شاری سنە، سەردار سوهرابی، ڤلۆگەرێکی تەمەن 43 ساڵانی خەڵکی مەریوانی دەستبەسەر کرد و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی سنەی کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ، رۆژی شەممە 19ی تەممووزی 2026، هێزەکانی پۆلیسی ئاسایش (فەراجا) سەر بە ئیدارەی شوێنە گشتییەکان لە شاری سنە، سەردار سوهرابییان بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەت و هاوسۆزی لەگەڵ داواکارییەکانی خەڵک و خۆپێشاندەران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەستبەسەر کردووە.
هەنگاو ئاماژەی بەوەش کردووە، سوهرابی دوای دەستبەسەرکردنی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کراوە و لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا بەردەوام بۆ لێکۆڵینەوە و گوشاری ئەمنی لە بەندیخانەوە گوێزراوەتەوە بۆ ناوەندە ئەمنییەکان.
هاوکات دوای دەستبەسەرکردنی ئەو ڤلۆگەرە کوردە، دەستەڵاتدارانی ئەمنیی ئێران هەژماری تایبەتیی ئەوی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام ناچالاک کردووە و سەرجەم پۆست، ڤیدیۆ و ناوەڕۆکەکانی پێشووتریشیان سڕیوەتەوە.