دەستەی خۆپیشاندان و داکۆکیکردن لە مافەکانی پێنجوێن ڕایگەیاند، پڕۆژەی کارەبای (ڕووناکی)، جێگەی ڕەزامەندی دانیشتوانی ناوچەکە نییە و بە هەنگاوێکی نادادپەروەرانەی دەزانن بۆ بارگرانی دارایی سەر شانی هاووڵاتییان.
ئەمڕۆ دووشەممە 11ی 5ی 2026، دەستەی خۆپیشاندان و نوێنەرانی چین و توێژەکانی پێنجوێن، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی و بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای سەیدسادق کۆبوونەوە، بە مەبەستی گەیاندنی ناڕەزایەتی دانیشتوانی پێنجوێن و گوندەکانی دەوروبەری بەرانبەر بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی کارەبای ڕووناکی.
دەستەی داکۆکیکردن لە مافەکانی پێنجوێن لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی خۆیان بۆ بەڕێوەبەرایەتی کارەبا ئاشکرا کرد، ئەم پڕۆژەیە بە هیچ جۆرێک پێشوازی لێ ناکرێت و گوتیان: "ئەم پڕۆژەیە بە هەنگاوێکی نادادپەروەرانەی بەکرێچی کردنی خەڵک دەزانین، جگە لە بارگرانی و هەڵتەکاندنی گیرفانی هاووڵاتیان بە گشتی و چینی نەداران بە تایبەتی، هیچ سودێکی دیکەی نییە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، بەڕێوەبەرایەتی کارەبا سور بوون لەسەر هێنانی پڕۆژەکە بۆ قەزاکە و گوتیشیان: "بەڕێوەبەری کارەبا ئامادە نەبوو پڕۆژەکە دوا بخات و گوتبووی، ئەوە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە، تاوەکو داخوازییەکانی خەڵک یەکلا بکرێتەوە".
دەستەی داکۆکیکردن لە مافەکانی پێنجوێن، داوای لە هاووڵاتییانی شارەکە کرد، هەڵوێستی خۆیان ڕابگەیەنن، جەختیشیان لەوە کردەوە، کە پێویستە خەڵکی پێنجوێن قسەی کۆتایی خۆیان لەسەر ئەم بابەتە بکەن.