ڕاستەوخۆ

ڕاگەیاندراوی تەڤگەری ئازادی لە یەکەمین ساڵیادی چەکسووتاندندا

reset font size increase font size

بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی مەراسیمی مێژوویی "چەکسووتاندن"، بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەری ئازادی (کەجەکە) ڕاگەیەندراوێکی گرنگی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا پێداگری لەسەر ستراتیژیی تێکۆشانی سیاسی و دیموکراتیک کراوەتەوە، هاوکات ڕەخنەی توند لە دەسەڵاتی تورکیا گیراوە، کە لە ماوەی ساڵێکدا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی و یاسایی بۆ چارەسەری پرسی کورد نەناوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی تەڤگەری ئازادیدا هاتووە، پار ساڵ کاتێک 11ی تەممووزی 2025، بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لەگەڵ 29 لە هەڤاڵانی، لە بەردەم ئەشکەوتی مێژوویی جاسەنە لە نێوان دۆڵی جافایەتی و ناوچەی سورداشی نزیک سلێمانی، لە مەراسیمێکی بەرفراواندا لەبەردەم میدیا جیهانییەکان چەکەکانی خۆیان سووتاند. ئەم هەنگاوە وەک سیمبولی گۆڕانکاریی ستراتیژی و کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداری لە دژی تورکیا سەیر کرا، کە لەسەر بنەمای "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ی عەبدوڵا ئۆجالان لە 27ی شوباتی هەمان ساڵدا هاتبوو.

دوای ئەو بانگەوازە، پەکەکە لە کۆنگرەی 12یەمی خۆیدا لە مانگی ئایاری 2025 بڕیاری دا کۆتایی بەو کار و چالاکییانە بهێنێت کە لەژێر ناوی پەکەکەدا دەکران و جێبەجێکردنی پرۆسەکەش ڕادەستی ئۆجالان کرا.

تەڤگەری ئازادی ڕوونی دەکاتەوە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، لایەنی کوردی بە شێوەیەکی تاکلایەنە هەموو پێویستییە سیاسی و یاساییەکانی جێبەجێ کردووە، لەوانەش ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە 1ی ئاداری 2025 و کشانەوەی تەواوی هێزەکانی گەریلا بۆ دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا، کە لە لایەن سەبری ئۆک، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکەوە ڕاگەیەندرا.

سەرڕای ئەم لێبوردەیی و نواندنی بەرپرسیارێتییە، بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەر جەخت دەکاتەوە کە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە نەک هەر هیچ زەمینەیەکی بۆ چارەسەری نەڕەخساندووە، بەڵکو بە ئەنقەست درێژەی بە مامەڵە نەرێنییەکانی ڕابردووی داوە.

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لەم دواییانەدا لەسەر ئامادەکردنی "یاسای چوارچێوەیی بنەڕەتی" دەکرێن (کە پێشنیازێکی ئۆجەلان بووە)، تەڤگەری ئازادی نیگەرانیی خۆی نیشان دەدات و ڕایدەگەیەنێت، ئەوان و ئۆجالان وەک بەردەنگی سەرەکی لەم بابەتە ئاگادار نەکراونەتەوە.

تەڤگەری ئازادی جەخت دەکاتەوە، نابێت ئەم یاسایە تەنیا ببەسترێتەوە بە "دانانی چەک"، چونکە پرسی کورد کێشەیەکی سەد ساڵەیە، بەڵکو پێویستە پێش هەر شتێک پێگەی یاسایی و مەرجەکانی کار و ژیانی ئازادی ئۆجالان و کادرە پێشەنگەکان دیاری بکات. هۆشداریش دەدەن، هێشتنەوەی ئۆجالان لە دەرەوەی پرۆسەکە، بە واتای لەباربردنی تەواوی پڕۆسەی ئاشتی دێت.

درێژەی ڕاگەیەندراوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، گەلی کورد و تەواوی گەلانی تورکیا دەبێت بەرپرسیارێتیی خۆیان بۆ بونیاتنانی تورکیایەکی دیموکراتیک لەسەر بنەمای گونجانی کۆمەڵایەتی بەجێبهێنن و هاتووە: "ئێمەش بەپێی بەرپرسیارێتیی خۆمان بەرانبەر بە گەلەکەمان، لە چوارچێوەی مانێفێستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆدا، لە ئێستا و لە داهاتووشدا لەسەر ستراتیژیی سیاسەتی دیموکراتیک بەردەوام دەبین".

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.